کەشناسی ناسراو، ئاراز جەبار پێشبینی دەکات کە لە سبەی یەک شەممەوە پلەکانی گەرما ٢ تا ٣ پلە بەرزدەبێتەوە، بەڵام لە ١١ بۆ ١٣ شەپۆلێکی باران بارین روو لە ناوچەکە دەکات.
ئاراز جەبار لە پۆستێکدا لەسەر هاتنی شەپۆلێکی گەرما دەڵێت" لەئەنجامی کاریگەری بارستە ھەوایەکی فێنک بۆ سەرناوچەکانمان ئەمڕۆ پلەکانی گەرما نزمبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و کەش تا رادەیەک فێنکبوو لە سبەی یەکشەمەوە کاریگەری ئەو بارستە ھەوایە لاواز ئەبێت و پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ تا ٣ پلە بەرزدەبێتەوە".
ئەو پسپۆرە دەشڵێت"بۆ رۆژانی داھاتوو بەتایبەت کۆتای ئەم ھەفتە کەشی ناوچەکە دەچێتە نێو قۆناخێکی نوێ لەگەرمبوون و بەرزبوونەوەی زیاتر لە پلەی گەرمیدا ڕووئەدات بەجۆرێک لەسەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە بەگشتی پلەی گەرمی تا ٤٠ پلەی سەدی و سەنتەری پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و کەرکوکیش لەنێوان ٤٠ بۆ ٤٣ پلە بەرزدەبێتەوە و لەناوچەکانی گەرمیانیش بەتایبەت باشوری ناوچەکە تا زیاتر لە ٤٥ پلە" .
لە بارەی باوە ئاماژە بەوە دەکات " لە سبەی شەوەوە پێشبینی ئەکرێت بای باکوری رۆژھەڵات لەسەر ناوچە شاخاوی و ناوچە جیاجیاکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم چالاک ببێت بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین خێرای باکە ناوبەناو لەنێوان ١٥کم تا ٤٠ کم لەکاتژمێرێکدا چالاکدا ئەبێت و ماوەی خایاندنی تا ھەفتەی ئایندە ئەبێت لەئەگەری ڕوونەدانی گۆرانکاری".
ئاراز جەبار پێشبینی دەکات، بەگوێرەی پێشبینیەکان ئەگەر ھەیە لە نێوان ١١ بۆ ١٣ی ئەم مانگەدا لەگەڵ بەردەوامی کەشی گەرم حاڵەتێکی لاوازی ھەورە بروسکە و بارانبارین لەدەریای ناوەراستەوە و بەشێک لەناوچەکانمان بگرێتەوە لە ئەگەری جێگیربوونی زانیاریمان ئەبێت لەسەری.