یەکێتی هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن لە خۆی دوور دەخاتەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی خۆیان بە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نازانن و ، بە ناڕاستەوخۆ دەیخەنە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ستران عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی پرسی هەلبژاردنەوە ڕایگەیاندووە" یەكێتی هەمووكاتێك ئامادەی هەڵبژاردبووە و ئامادەشە لەهەركاتێكدا هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام دواخستنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی كە دیاركرابوو لە ئەستۆی ئەو لایەنەدایە كە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ڕێگربوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەبێت بەرپرسیارێـی ئەو تاوانەش لە ئەستۆبگرێت".

لە درێژەی قسەکانیدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی ستران عەبدولآ دەشڵێت " وەك یەكێتی خۆمان بە حزبی هەڵبژاردن دەزانین و خەباتیشمان بۆ ئەوە بووە كە دیموكراسی و هەڵبژاردن ببێتە بنەمایەكی سەرەكی لە حكومڕانیدا، بۆ ئەمەبەستەش خەباتی زۆرمانكردووە و بەردەوامیش دەبین لەو خەباتە بۆیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و زیاتر گرنگیدان بەو قەوارەیە هەمووكات ئامادەی هەڵبژاردن بووین و لەداهاتووشدا هەر وادەمێنینەوە و خۆمان لەهەڵبژاردن نادزینەوە".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەشڵێت "ئێمە پێمان باشبوو لەو وادەیەی كە دیاریكرابوو لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە و كۆمیسیۆنیش ئامادەكاری بۆ كردبوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت و ئەنجامەكەشی هەرچییەك بێت هەموولایەك پێی ڕازیبن، بەڵام ئەو لایەنەی كە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردن بووە لەووادەیە دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو دواخستنە بگرنە ئەستۆ

ستران عەبدوڵا لە کۆتایی قسەکانیدا دەشڵێت "وەك یەكێتی ئامادەن بۆ هەڵبژاردن و پێمانوایە نەریتی دواخستنی هەڵبژاردن زۆر خراپە چونكە یەكێك لە بنەماكانی دیموكراسی ئەوەیە كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت، بۆیە وەك یەكێتی بۆ هەر دواخستنێك بەرپرسیارەتی هەڵناگرین و ئەو كەسانە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن كە دوایانخستووە".

هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی کاتێکی نوێدایە بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە کە تا ئێستا سێجار ئەو وادەیە دواخراوە.




PM:09:11:02/06/2024