ئەمنی تورکیا سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ دەستگیردەکات


هێزە ئەمنییەکانی تورکیا سەرۆکی هەڵبژێردراوی جۆلەمێرگ لە باکوری کوردستان دەستگیردەکەن و بینای شاروانیش کۆنترۆڵ دەکەن.

میدیاکانی باکووری کوردستان ڕایانگەیاندووە کە دەوڵەتی تورکیا "مەهمەت سدیق ئاکیش" شارەداری هەڵبژێردراوی خەڵک بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگی، دەستبەسەر کردوووە.

هاوکات بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٣ حوزەیران پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر بینایەی شارەوانیی جۆلەمێرگ و دەستیان بەسەردا گرتووە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی باکوور، شارەداری جۆلەمێرگ بە بڕیاری "عەلی یەرلی‌کایا" وەزیری ناوخۆی ڕژیمی تورکیا لەسەر کار لادراوە، کەسێکی سەر بە دەوڵەت بە ناوی "تەیا ئەمرە مەحوموود‌ئوغلوو"، وەک قەیووم بەسەر شارەوانییەکەدا سەپێندراوە.

ئەندامانی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان، دەم‌پارتی، وەک بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر بە پەلاماری پۆلیس بۆسەر بینایەی شارەوانی، لە شاری جۆلەمێرگ دەستیان بە گردبوونەوە و خۆپێشاندان کردووە.

هێزەکانی پۆلیسی تورکیا تەواوی ئەو شەقامانەیان داخستووە کە بەرەو بینایەی شارەوانیی جۆلەمێرگ دەچن.




PM:12:52:03/06/2024