سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد لە میانی سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی بۆ بەغدا، دەربارەی چارەسەرکردنی ڕیشەیی مووچە و کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دانوستانی کردووە و وتیشی" جێی داخە هەتا ئێستا مووچە دەبێتە هەواڵی میدیاکان".
ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی( ماوە بۆ درێژکراوەی ) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسنی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک لە دهۆک باسی لە کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و ڕایگەیاند" هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق و سەرۆک و بەرپرسی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەیەوە بۆ دانوستان کردن و چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەو کێشانەی تا ئێستا لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا ماون".
وتیشی" بە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵیم وت، جێی داخ و دڵگرانییە کە هەتا ئێستاش ئێمە دانوستان لەسەر مووچە و هەندێک قەیرانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا دەکەین".
سەرۆکی( ماوە بۆ درێژکراوەی) حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو کە مووچە مافێکی سروشتییە و پێویستە نەبێتە هەواڵی میدیاکان و راشیگەیاند" خۆزگە ئێمە بەرنامەمان بۆ چۆنێتی پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنایە بۆ ئەوەی ڕکابەری کەنداو و وڵاتانی دیکەمان بکردایە کە چۆن وڵاتی خۆمان لە هەموو بوارێکدا بەرەوپێش ببەین".
ڕوونیشیکردەوە " وڵاتەکەمان لە ڕووی سامانی سروشتی و مرۆیی و ماددیەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئێمە تەنها پێویستمان بە ئیدارەدانێکی باشتر هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو".
مەسرور بارزانی هەروەها وتی" هیوادارم چیتر کاتی خۆمان بۆ دروستکردنی کێشە و گرفت بە فیڕۆ نەدەین و پێشبڕکێ بکەین بۆ چۆنێتی خزمەتکردنی وڵات و هاووڵاتییانی خۆمان".