ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی دڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلێک بۆردوومانکرا.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، دەربارەی ڕووداوەکە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" سوپای توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانمانی لە شاری كۆبانی بۆردومانكردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هێرشەكەدا دوو كارمەندی هێزەكانیان برینداربوون و دواتر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ڕاشیگەیاندووە" پەیامی ئەم بۆردومانانەی توركیا ئاشكرایە كە بریتییە لە سەرقاڵكردنی هێزەكانمان تا نەیانپەرژێتە سەر ئەركەكانیان لەم ماوەیەدا كە بڕیارە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئەنجام بدرێت و هەروەها ئامانج لێی رێگەخۆشكردنە بۆ تیرۆریستان و تاوانكارانە بۆ كردنە ئامانجی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەمان، بەڵام ئەم كارانە تەنیا دەبنە مایەی سوربون و بە ئیرادەبونمان لەسەر كاركردنی زیاتر بۆ پارێزگاری لە كۆمەڵگەیەكی ئارام و سەقامگیر".