وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات حکومەتی بەغدا سەرجەمی بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەرناگرێت و رەزامەندی نیشانداوە کە ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرێت.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ رۆژی سێشەممە ٤ حوزەیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند" داوای وەرگرتنی ملیۆنێک تۆن گەنممان لە بەغدا کردووە، بەڵام بەغدا بەو بڕە رازی نەبووە و وتوویانە کە ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم وەردەگرین".
لە درێژەی قسەکانیدا تاڵەبانی وتی " ئێمە لەسەر ئەو بڕەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رازی نەبووین"و ئاشکراش کرد کە "نامەیەکی تایبەت" یان بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراقی ناردووە و داوای وەرگرتنی گەنمی زیاتریان لێکردووە."
هەروەها بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی بنەمای وەرگرتنی گەنمەوە گوتی: "رەتمانکردەوە ٥٠٠ هەزار تۆنی ساڵی رابردوو بکرێتە بنەمای وەرگرتنی گەنم."
لەبارەی ئەوەی بەغدا بۆچی رازی نەبووە ملیۆنێک تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد: "بەغدا بە پاساوی ئەوەی بودجەی تەرخانکراو بەش ناکات رازینەبوو." بۆیە "لە ناچاری بەبڕیاری وەرگرتنی ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم رازیبووین."