بانکی TBI یەکەمین کۆمەڵەی کارتی بانکی فەرمانبەرانی رادەستی تیمی هەژماری من کرد

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ئەمڕۆ یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکانی کە پێکهاتبوو لە کارتی بانکی (٣٦٨) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڵاویکردەوە " ڕۆژی سێشەممە ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هەڵسا بە ڕادەستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان بە تیمی هەژماری من، کە پێکهاتبوو لە کارتی بانکی (٣٦٨) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان". 

لە راگەیەنراوەی وەزارەتی دارایی هاتووە" حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتە چاپکراوەکانی دیکەی بانکەکەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا  بانکی ناوبراوییان هەڵبژاردبوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من و لە ماوەی هەفتەکانی رابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو، تاکو بە زووترین کات بتوانێت کارتەکان ڕادەستی فەرمانبەرانی خوازیار بکات".

وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووی" هەر بەم بۆنەیەشەوە، هیوادارین سەرجەم مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن لەڕێگەی هەڵبژاردنی یەکێک لەو حەوت بانکانەی کە لە ئێستادا لە پڕۆژەی هەژماری من ـدا بەردەستن".





PM:08:56:04/06/2024