کوێستان محەمەد: دەبینە پارێزەری هەر منداڵێک رووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانئاماژە بەوەدەکات کە حاڵەتەکانی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی لە نێو ناوەندەکانی خوێندن و خێزانەکان نەبوونەتە دیاردە لە هەرێمی کوردستان و دەبنە "پارێزەری" هەر منداڵێک ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند" وەزارەتمان هێڵی گەرمی ١١٦ی هەیە، هەر منداڵێک توندوتیژی بەرامبەر بکرێت و پەیوەندی بکات، ئەگەر توانیمان بە تەلەفۆن بۆی چارەسەردەکەین، ئەگەر نا توێژەری دەروونی دەنێرین و کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەین، بۆیە توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان حاڵەتە و نەبووەتە دیاردە و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە هەر کوێیەک منداڵێک توندوتیژی بەرامبەر بکرێت پارێزەری ئەو منداڵەین".

راشیگەیاند" وەک ڕوونە بە هۆی یاساوە ئێستا لێدان لە منداڵ لە ناوەندەکانی خوێندن قەدەغەیە و مەگەر حاڵەتی دەگمەن هەبێت، بەهەمانشێوە لە نێو خێزانەکانیش هەر حاڵەتێک هەبووبێت یەکسەر دەرکەوتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەم کێشەکەوە ڕۆشتوون و چارەسەرکراوە".

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دیاردەکانی دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان کەیسی زەق هەبووە، بەڵام لەبەر منداڵەکە و حاڵەتەکە ئاشکرامان نەکردووە و ناشیکەین".



PM:11:20:04/06/2024