ڤیان سەبری: پێویستە بەغدا پێش جەژن مووچە رەوانە بکات

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵیت" لەمەودوا بەپێی ڕێککەوتن و بەپێی پەسەندکردنی خشتەکانی بودجە موچە ڕەوانە دەکرێت و پێویستە بەغدا پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بکات".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاند"  لەکۆی ٢١١ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار دینار، ٢٠ ترلیۆن و ٩١٠ ملیار بۆ ھەرێمی کوردستان دیاریکراوەو ١١ ترلیۆن و٦٠٠ ملیار بۆ موچەو چاوێری کۆمەڵایەتی دیاریکراوە و گرێ نەدراوە بەئینفاقی فعلی، و  مانگانە ٩٦٥ ملیار بۆ موچە ڕەوانە دەکرێت، ئەمە سەرەڕای چاودێری کۆمەڵایەتی، بۆیە لەمەودوا بەپێی ڕێککەوتن و بەپێی پەسەندکردنی خشتەکانی بودجە موچە ڕەوانە دەکرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکراشی کرد" ئێمە لەمەودوا چاودێری بودجە دەکەین بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و پێویستە حکوومەتی عێراقیش پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و مانگانە لەکاتی خۆی مووچە ڕەوانە بکات".

ڤیان سەبری وتیشی"  پێویستە لەمەودوا بەھۆی وردبینی کردن لە لیستی ناوی مووچەخۆران دواکەوتن دروست نەبێت و پێویستە مانگانە پێداچوونەوە بکرێت و مووچە لەکاتی خۆی ڕەوانە بکرێت، ناکرێت چەند ھەفتەیەک بەھۆی وردبینیکردن مووچە دوابخرێت، بۆیە پێویستە پێش جەژن بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات".

  




AM:12:02:05/06/2024