پێش جەژن شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت

عەلی رەئووف وادەی دابەشکردنی شایستەی مامۆستایانی وانەبێژی بۆ مانگی ٤ ڕاگەیاند.

عەلی رەئووف مستەفا نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند" هەفتەی داهاتوو پێش جەژنی قوربان شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ٣ی ٢٠٢٤ دابەشدەکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە ١٤ی وەزارەتی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن،لەنێوان ٢٥٠-٣٥٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش ٢٥٠ -٤٠٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.

وتیشی، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان ٣٧  هەزار مامۆستای وانەبێژە ، کرێی مانگانەیان نزیکەی ١٥ ملیار دینارە .

عەلی رەئووف سەبارەت بەدامەزراندن و هەمیشەیی بوونی مامۆستایانی وانەبێژان وتی،  تەنها یەک رێگە هەیە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ، ئەویش ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مامۆستایانی وانەبێژ ناو زانیارییەکانیان بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ، وەزارەتی دارایی لەرێگەی خۆیەوە لە رێگەی تیمی دیوانی چاودێری عێراق وەردبینی دەکات بەو زانیارییانەی بۆی هاتووە ، دواتر داواکارییەکان دەنێردرێن بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ،

ڕوونیشیکردەوە، لە ئێستادا بەپێی مادەی ٦٠ لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دەسەلات دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پارە زیاد بکات بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو مانگە هێزە ئەمنییەکان مووچەیان وەرنەگرتووە و فەرمانبەرانی هەرێمیش مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە، بەڵام لە عێراق دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ٦ کراوە.



PM:07:39:05/06/2024