سەرۆكی حكومەتی كۆبانی: كۆبانی سەركەوت‌و داعش لەسەرەتای كۆتاییدایە

‌ئەنوەر موسلیم
سەرۆكی حكومەتی كانتۆنی كۆبانی، رایگەیاند كۆبانی سەركەوت‌و چەدارانی داعشیش لەسەرەتای شكستەكەیاندان‌و كۆتاییان دێت.


ئەنوەر موسلیم كە لەسەرەتای هێرشەكانی داعش بۆ سەر كۆبانی لەو شارە ماوەتەوە، لەپەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەنوسێت: ئەوەی گرەوی لەسەر ئەوە دەكرد كە كۆبانی شكست دەخوات، وەك ئەوە كە دانی بە گەلی كورددا نەدەنا هەموویان شكستیان خوارد.
ئەنوەر موسلیم دەڵێت: سەرباری گەورەیی‌و زۆریی چەك‌و تەقەمەنییە سەربازییەكانی داعش لە كۆبانی، بەڵام هیچ سودێكی نەبوو لەبەرامبەر ئازایەتی‌و مەزنیی شەڕڤانانی یەپەگە‌و یەپەژە.

موسلیم ئاماژە بەوە دەكات كە سەرباری ئەوەی كچان‌و كوڕانی كۆبانی لە هەڕەتی لاوێتیدان، بەڵام رووبەڕووی چەتەكانی داعش دەبنەوە كە بە مەبەستی دزی‌و تاڵانكردنی كۆبانی هێرشیان كردوەتە سەر شارەكە.
ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كەبڕوای تەواوی هەیە كە كۆبانی سەردەكەوێت‌و هەر خۆیان ئاوەدانی دەكەنەوە.


موسلیم ئاماژە بەوە دەكات كە سەرباری ئەوەی كە داعش پەنا دەباتە بەر كاری ترسنۆكانە لەوانە: تەقینەوە‌و بۆردومان كردنی شارەكە، دەڵێت: داعش لە كۆبانی رووخاو ئەوە سەرەتای شكستەكەیەتی.
لەكۆتاییدا دەڵێت: بژی بەرخۆدانی كۆبانی بژی یەپەگە‌و بژی یەپەژە.




PM:03:15:22/10/2014