وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕاگەیەندرا

ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆمسیۆنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریکرد و دەڵێت" له‌ ٨ تا ١٣ی حوزه‌یران تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بەردەوام دەبێت". 

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە" لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگەوە دەرگای تۆماركردنی لیستەكان و هاوپەیمانییەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەکرێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی كاندیدی پێكهاته‌كان و كاندیدی سه‌ربه‌خۆکان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تا ١٣ی ئەم مانگە به‌رده‌وام ده‌بێت.

تائێستا دیارنییه‌ كه‌ی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام كۆمسیۆنی عێراق پێشنیاری بۆ سەرۆکایەتی هەرێم كردووه‌ رۆژی ١٥ی ئەیلولی ئەمساڵ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت.



PM:01:36:06/06/2024