سایلۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" پێویستە جوتیاران پابەندی رێنماییەکان بن و لە ئەمڕۆشەوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستپێدەکات".
سایلۆی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئەمڕۆوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستیپێکردووە، وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران بەپێی ناوچە دەبێت کە هەفتەی یەکەم جوتیارانی سنووری بەشی کشتوکاڵی تانجەرۆ، عەربەت گەنمیان لێوەردەگیرێت، بۆیە داواکارین لە جوتیارانی ناوچەکانی تر گەنم نەهێنن، چونکە لێیان وەرناگیرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و تراکتۆرەکان بە یەک ڕیز بۆستن رۆژانە باج دابەشدەکرێت، نابێت بە دوو ریز بووەستن باج بە دوو ریز نادرێت.
هەر لە راگەیەنداوەکەی سایلۆدا هاتووە" بەهۆی تێکچوونی جەگەکانی سایلۆکەمان گەنم لە ئۆتۆمبێلی فلات وەرناگیرێت، بۆیە داواکارین لە جوتیاران گەنمەکانیان بکەنە ناو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری قلابەوە، جگە لەوەش پێویستە جوتیاران دڵنیابن هێندەی رەسیدەکانیان گەنم باربکەن و لە رەسیدەکانیان زیاتر نەهێنن، چونکە نە زیادەکانیان بۆ دەگێڕێتەوە نە رەسیدەکانیان بۆ دەگۆڕێت".
جەختیشکراوەتەوە، داواکارن لە جوتیاران گەنمی ئەسپێ لێدراو، خوراو، بۆنگرتوو نەهێنن، چونکە بەپێی بڕیاری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە مەڵبەندی گشتی بەغداد دەست بەسەر پشتگیری بەشە کشتوکاڵییەکانیان دەگیرێت.