دژی دانانی قەیوم لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لە بەشێکی شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ناڕەزایەتییەکان فراوانتر دەبێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە دژی دانانی قەیوم لە جولەمێرگ، لە هەریەک شارەکانی ئستەنبوڵ و ئەدەنە و دێرسیم و ئەزمیر و ئەنقەرە بە چەندین چالاکی جیاواز هاوڵاتییان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان لە شەقامەکان درێژەیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکەیاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر بینای شارەوانی جۆلەمێرگ و دەستیان بەسەردا گرت،
هەروەها دواتر محەمەد سادق ئاکش هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ دەستگیرکرا و دواتر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیومێکی لەو شارەوانییە دانا.
دوێنێ چوارشەممەش لە لایەن دادگای سزای قورسەکانی تورکیاوە سزای ١٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانکردن بەسەر محەمەد سدیق ئاکش هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگدا سەپێندرا.
محەمەد سدیق ئاکش کە کەسایەتیییەکی سیاسی سەر بە (دەم پارتی)یە لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵدا وەک هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ هەڵبژێردرا.