قائیمقامیەتی دەربەندیخان: پێویستە رێگەی جێگرەوە بۆ هاتوچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان دابینبکرێت

قائیمقامیەتی دەربەندیخان داوا دەکات، وەزارەتی ناوخۆ و ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاری سلێمانی، رێگەی جێگرەوە بۆ ھاتوچۆی تانکەرەکانی سوتەمەنی و بارھەڵگرەکان دابین بکەن، تا رووداوی گڕگرتنی تانکەری سوتەمەنی دووبارە نەبێتەوە.

قائیمقامەتی دەربەندیخان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت" دوای رووداوەکەی تونێلی دەربەندیخان، فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبا دەستیانکردووە بەچاککردنەوەی زیانەکانی کارەبا بەشێوەی کاتی، ھەروەھا لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، بە ھاوکاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کاری پێویست ئەنجامدەدرێت، بۆ چاککردنەوەی رێگەکە و ھەردوو شۆستەی رێگەکە و ئەو زیانانەی بەر رێگەکە کەوتوون و چاکدەکرێنەوە".

قائیمقامیەتی دەربەندیخان داوادەکات، پڕۆژەی رێگەی ناوتاق دەستپێبکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا تەواوبکرێت، بۆ ئەوەی رووداوی ھاوشێوە دووبارە نەبێتەوە، ھەروەھا وەزارەتی ناوخۆ و ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاری سلێمانی رێگەی جێگرەوە بۆ تانکەرەکانی سوتەمەنی و بارھەڵگرەکان دابین بکەن ھەتا کاتی تەواوکردنی ڕێگای ناوتاق .

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تانکەرێکی سووتەمەنی لە نزیک تونێلی دەربەندیخان ئاگری گرت، بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە.



PM:11:21:07/06/2024