حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنی ناوی هێزە ئەمنییەکان رێککەوتوون

حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ١٣٪ ی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەرێگەی کۆدەوە بێت.

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕی بە ناردنی ناوی سیانیی هێزە ئەمنییەکان بۆ عێراق، بەغدا رەزامەندی داوە و رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ١٣ ٪ هێزە ئەمنییەکان بە کۆد رەوانە بکرێت و ئەوانی دیکە ناوی چواریی بێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان هەرێم بڕیاری داوە لەکوێ گشتی ٣٢٤ هەزار هێزی ئەمنی ناوی ٤٢ هەزاری بە کۆد رەوانەی بەغدا بکات و ٢٨٢ هەزاریشی بە ناوێ چواریی، پلەی وەزیفە، موچەی بنەڕەتی، وادەی دامەزراندنوکەیانەوە رەوانە بکات تا لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەکانیان بنێرێت.

بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەرێم ناوی سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە بە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ـەوە رەوانەی بەغدا دەکرێت و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و دەزگای ئاسایشی هەرێم و هێزەکانی پاراستن و دژە تیرۆر و زانیاریی ناوەکانیان بە کۆد رەوانە دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو مانگە هێزە ئەمنییەکانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و بەغدا بەبیانووی ئەوەی کە " ناوەی وەهمی" لە لیستەکانیاندا بووە مووچەی بۆ نەناردوون، ئەمڕۆش شاندێکی چاودێری دارایی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و سبەی  شاندەکە لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە لیستی مووچەخۆران دەکەن بە تایبەتی لیستی مووچە هێزە ئەمنییەکان بۆ سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵ.




PM:12:25:08/06/2024