دژی کانەکانی دەر‌هێنانی بەرد لە شاخەکانی دەربەندیخان ژینگەپارێزان گردبوونەوە

ئەمڕۆ شەممە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ دژی کانەکانی دەرھێنانی بەرد لە شاخەکانی دەربەندیخان و تێکدانی سروشتی ناوچەکە، بەشێک لە چالاکوانان و ژینگەپارێزان لە قەزای دەربەندیخان گردبوونەوە. 

دژی کانەکانی دەرھێنانی بەرد لە شاخەکان، ئەمڕۆ ژمارەیەک ژینگەپارێز و چالاکوانی قەزای دەربەندیخان لە بەردەم قایمقامیەتی قەزاکە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و دەڵێن" کانی بەرد لە سنوورەکەدا بوونیان ھەیە، لە ناودڵی دارستانە سروشتییەکان کاردەکەن، بون بە هۆکارى وێرانکاری و تێکدانی ژینگەی ناوچەکە".

داواش دەکەن مۆڵەتی نایاساییان ھەڵبوەشنێنرێتەوە و بە ھیچ جۆرێک نوێنەکریتەوە، هەروەها مۆڵەتیش بە ھیچ کانەبەردێکی نوێ نەدرێت، بە پێچەوانەوە ھەڵمەتی ناڕەزایەتیەکان فراوان دەکەن و دەیبەنە قۆناغێکی دیکەوە کە "دەستدرێژی ژینگەیی بۆ شاخ و دارستانە سروشتییەکان بە تیرۆری سەوز دەیناسێنن. 

دەشڵێن" بەپێی یاسای پاراستنی ژینگە، کانەکانی بەرد بۆیان نییە لە ناوچەیەک کاربکەن، کە دارستانی سروشتی تێدابێت، بەڵام لێرە لەناو دڵی داراستانە سروشتیەکان ئەو کانەبەردانە کاردەکەن". 

ئاماژەیان بەوەشکرد" قائیمقامی شارەکەش بە بەرپرسی یەکەم دەزانین لەو پرسە بە تێکدان و ژینگەی ناوچەکە، چونکە کاتێک کەسێک مۆڵەتی کانە بەردێک وەردەگرێت یەکەم کەس نووسراوەکەی ئاراستە دەکرێت قائیمقامە و دەتوانێت نووسراوەکە ڕابگرێت، ڕێکاری یاسای بگرێتە بەر بەرامبەریان". 



PM:04:31:08/06/2024