وەزارەتی دارایی هەرێم چوارەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا.
لە راگەیاندنێکدا کە وەزارەتی دارایی بلاویکردەوە " ڕۆژی پێنجشەمە ٦ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی (٥٣٩) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها لەو راگەیاندنەدا هاتووە " لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لەنێوان هەشت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات".
دارایی دەشڵێت "بە ناردنی ئەم لیستەی داتای فەرمانبەرانیش، ژمارەی داتای فەرمانبەرانی نێردراو ئێستا دەگاتە (٣٩١٧) فەرمانبەر، کە لە نێویشیاندا (٣٦٨)یان کارتەکانیان بۆ چاپ کراوە و ڕادەستی تیمی هەژماری من کراوە. وەک وەزارەتی دارایی و ئابوری چاوەڕوانین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بەقۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە".
تا ئێستا هەندێک ناوەندی بەهێزی دەسەڵات لە عێراق ئەم هەنگاوەی هەرێم بە " تەوتین " هەژمار ناکەن و جەخت دەکەنەوە کە ئەم هەنگاوەی هەرێم ناگونجێت لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵیدا.