ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکرێت

ئەمڕۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنجی خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەستپێدەكات.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەست پێ دەکات، ئەمەش دوای گەیشتنی بڕی ١٠٧ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە ڕۆژی پێنجشەممە بڕە پارەیەک خرایە سەر هەژماری حکومەتی هەرێم، کە  شایستەی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە، هاوکات ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٤/٦/٩ ) مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابەش دەکرێت.

وەزارەتی دارایی جەختیشی كردەوە، دوای گەیشتنی تەمویلی وەزارەت و دام و دەزگاکانی تر لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچەی ئەو دام و دەزگایانەش ڕادەگەیەنرێت.






AM:09:10:09/06/2024