مەسرور بارزانی: پێش جەژن هەموو مووچەخۆران مووچە وەردەگرن

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەوە ڕایگەیاند" پێش جەژن سەرجەم مووچەخۆران و هێزەئەمنییەکان مووچە وەردەگرن".

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری ئیگڵ پۆست لە هەولێر ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا بەرەو باشتر دەبەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، سوپاسی هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە پاڵپشت و خۆڕاگربوون بەرامبەر پیلانەکانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

لایخۆشییەوە سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هەفتەی ڕابردوو بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کرا.

وتیشی، بڕیارە ئەمڕۆ پارەی تەواوکاریی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئەوکات دەستبەجێ لیستی مووچە ڕادەگەیەنرێت.

لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، سەمیر هەورامی ئاشکرای کرد، لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بۆ بەغدا نێردراوە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسان و ئایار.

وتیشی، پێش جەژنی قوربان سەرجەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن، ڕەنگە بۆ هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بەر لە هاتنی جەژنی قوربان مووچەی مانگەکانی نیسان و ئایار دابەش بکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی ڕابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری ڕاگەیاند.



PM:12:11:09/06/2024