ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی تەندروستی هەرێم پلان و ئامادەکارییەکانی بۆ نەخۆشخانەکان لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە رۆژانی جەژنی قوربان رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
دانانی لیژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیی گشتی و نەخۆشخانەکان.
بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
هاتنەژوورەوەی راگەیاندن تەنها لە رێگای راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبێت.
ئاماری رۆژانە دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە رێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە ٨ی بەیانی تاوەکو ٨ بەیانی رۆژی دوایی رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
رۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.
هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت، وەڵام بدرێتەوە.
نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکان تایبەت بە نەخۆش تۆماربکەن.
سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.
سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.
تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی ١٢٢ بەردەوامدەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستی) بەردەوامدەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.
تیمەکانی تەندروستی بەهەماهەنگی تیمەکانی ڤێتەرنەری چاودێریی شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ بکەن و چاودێریی مەرجە تەندروستیەکان بکەن.
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوامدەبێت.
تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیارییەکان دابنرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ باری لەناکاو.