قوباد تاڵەبانی: شتێک نەماوە بەناوی بودجەی سلێمانی و هەولێر، یەک بودجە و یەک داهات هەیە

جێگیری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ دەڤەری راپەرین رایگەیاند" شتێک نەماوە بەناوی بودجەی سلێمانی و هەولێر، یەک بودجە و یەک داهات هەیە".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی  (ماوەبۆدرێژکراوەی) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رانیەوە قسەی کرد و رایگەیاند" چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا، یارمەتیدەر دەبێت بۆئەوەی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەستیش چارەسەر بکرێن و گەشبینم لەوەی چارەسەر دەبێت".

قوباد تاڵەبانی وتیشی" شتێک نەماوە بەناوی بودجەی سلێمانی و هەولێر و یەک بودجە و داهات هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدان بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەکان و ئەو پرۆژانەی دەخرێنەوە کار لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە نەک لەسەر بودجەی پارێزگاکان.

لەبارەی هەڵبژاردنەوە باسی لەوەکرد چاوەڕوانن سەرۆکایەتی  هەرێم وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت و پێناچێت گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن بکرێت.
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی تەواونەکردنی کارەکانی نەخۆشخانەی ٢٩١  قەرەوێڵەیی رانیە وتی" ئەگەری هەیە کێشەکانی چارەسەر بکرێن، هەندێک رێکاری ئیداری و یاسایی هەیە و دەبێ تێپەڕێندرێت و دەیکەینە ئەولەویەتی کارەکانمان".




PM:03:55:10/06/2024