ئەمڕۆ دووشەممە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، بەهۆی درووستبوونی شەڕ هاوڵاتییەکی باکووری کوردستان کوژرا.
ئەحمەد ڕەمەزان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی راگرتنی ئۆتۆمبێل لە سنووری ئیبراهیم خەلیل شەڕ لە نێوان سێ شۆفێری بارهەڵگردا ڕوویدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە شۆفێرەکان کە تەمەنی ٣٤ ساڵە بە چەقۆ کوژراوە و پێش ئەوەی ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەرسێ شۆفێرەکە هاوڵاتی باکووری کوردستانن و لە ڕێگەی نێوان باکوور و هەرێمی کوردستان کاری گواستنەوەیان کردووە.
ڕاشیگەیاند" لە ئێستادا دوو تۆمەتبارەکە خۆیان رادەستی یاسا کردووە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی راگرتنیان بۆ دەرچووە".