دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە زاهید مەحمود باوکی شەهید سورکێو ناسراو بە شێخ زاهید کۆچی دوایی کرد.
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ زاهید مەحمود ناسراو بە شێخ زاهید باوکی سورکێو کە یەکێک بوو لە شەهیدەکانی ١٧ی شوبات، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
زاهید مەحمود ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی زیۆمەری ناوچەی قەرەداغ لە دایکبووە، هەر لە تەمەنی منداڵی ماڵیان چووەتە شاری موسڵ و دواتر بۆ بەغدا، لە بەغداوە بۆ پێنجوین چوارتا و قەرەداغ، دواجار لە ساڵی ١٩٥٥ چوونە شاری سلێمانی و لە گەڕەکی (خەبات) نیشتەجێ بوون.
زاهید مەحمود تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، ساڵی ١٩٦٢ بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول پێشمەرگایەتییەکەی درێژە دەکێشێ تا ١٩٧٠، هەروەها یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی سورکێو دوای دوو رۆژ لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا شەهید بوو.
رووداوەكانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوایی، شەهیدبوونی زیاتر لە خۆپیشاندەر و برینداربوونی سەدان خۆپیشاندەری لێكەوتەوەو خەڵكی ناڕەزیی شارەكانی سلێمانی و دەوروبەری و هەلەبجە و گەرمیان و دەڤەری راپەڕین، بۆ ماوەی ٢ مانگ خۆپیشاندانیان دژی دەسەلات و حكومەتی هەرێم و گەندەڵی و ناعەدالەتی ئەنجامدا، لەپیناو چاكسازی و هێنانەكایەی دادپەوەری و خزمەتگوزارییەكان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکان چەند جارێك تەقە لەخۆپیشاندەران كرا کە لە ئەنجامدا ١٠ خۆپیشاندەر شەهید بوون، سەرەنجام بەزەبری هێز خۆپیشاندانەكان كۆتاییان پێهێنرا.