كەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی قوربان ڕاگەیەنرا

شارەزایەكی كەشناسی پێشبینییەكانی بۆ دۆخی كەشوهەوای ڕۆژانی كۆتایی ئەم هەفتەیە و ڕۆژانی جەژنی قوربان ڕادەگەیەنێت و ئاشكرای دەكات، ناوچەكەمان دەكەوێتە ژێر كاریگەری بارستە ھەوایەکی گەرم و پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە و تاوەكو ٢١ی حوزەیران دەخایەنێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند" سبەی چوار شەممە ١٢ی حوزەیران  پلەکانی گەرما بە جێگیری ئەمێننەوە و لە دوو سبەیەوە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە و ئاسمانی ناوچەکەش بە زۆری ساماڵ ئەبێت و لە ڕۆژی ھەینیەوە ١٤ی مانگ بای باکوری ڕۆژھەڵات لەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژ چالاک ئەبێتەوە.

وتیشی" لەھەفتەی ئایندەوە و لەڕۆژانی جەژنی پیرۆزی قوربان ناوچەکانمان ئەکەوێتەوە ژێر کاریگەری بارستە ھەوایەکی گەرم لە باکووری کیشوەری ئەفریقاوە و چاوەڕوان دەکرێت پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو بۆ ئەوکاتە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت بۆ سەروو تێکراییەکان".

ڕوونیشی كردەوە، کاریگەری ئەو شەپۆلە گەرمایە تا ٢١ی حوزەیران بەردەوامی ئەبێت و دوابەدوای ئەگەری گۆڕانکاری و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما ئەبێت.

بەپێی پێشبینی ئەو شارەزا كەشناسییە، بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلی گەرمایە بەم شێوەیە ئەبێت:

ھەولێر ٤٥ پلە و سلێمانی و دهۆك و سۆران ٤٢  بۆ ٤٣ پلە و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و زاخۆ ٤٤ پلە و كەركوك و گەرمیان ٤٧ بۆ ٤٨پلە دەبێت.



PM:08:09:11/06/2024