لە دهۆک ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا و بریندار هەیە

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە نزیک بازاڕی سنووری پارێزگای دهۆک  ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو پۆلیس و منداڵێک و پیاوێک بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، کەمێک پێش ئێستا لە نزیک بازاڕی دهۆک شەڕەتەقە ڕوویداوە و تائێستا چوار کەس برینداربوون. 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی ڕووداوەکەوە دوو پۆلیس برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە و باری تەندروستی ناجێگیرە، هاوکات منداڵێک و پیاوێکیش بریندار بوون، لە ئێستاشدا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

تائێستا هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە.

ئێوارەی رۆژی دووشەممەی ڕابردووش، لە گەڕەکی هەولێری نوێ ڕووداوێکی تەقەکردن لە نێوان دوو وەبەرهێنەر ڕوویدا کە بەهۆیەوە دوو برا و کەسێکی دیکەش گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.



PM:06:22:12/06/2024