وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر کراوە و دوای جەژن مووچەیەکی دیکە وەردەگرن.
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەسەر هەناردەكردنی نەوت لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە".
ڕاشیگەیاند" لەسەر مووچە ڕێككەوتن هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا و ئەوەی لەسەر هەرێم بووە جێبەجێ كراوە و مووچەی هێزە ئەمنییەكان چارەسەركراوە و دوای جەژن مووچەیەكی دیكەیان بەسەردا دابەش دەكرێت".
سەبارەت بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران وتی" پەیوەستە بە ناردنی بودجەی هەرێم، هەركات بەتەواوی بودجە بۆ هەرێم ڕەوانەكرا، ئەوكات دەستپێدەكاتەوە".
ئاشكراشی كرد، زیاتر لە٤ هەزار فەرمانبەر لەڕێگەی بانكی (تی بی ئای)ەوە زانیارییان نێردراوە بۆ دروست كردنی هەژماری بانكی و تەوتینی مووچە و ئەمڕۆش ٦٥٤ فۆڕمی زانیاری مووچەخۆران بۆ ئەو بانكە نێردراوە.