ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان، دەستی بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قاچاغ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێردا گرت.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ڕایگەیاند" تیمی بنکەی KMCA لە کارگۆی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دەستیگرت بەسەر بڕێکی زۆر لە دەرمانی قاچاغ".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەرمانە دەستبەسەرداگیراوەکان هۆڕمۆنی بوون، قاچاخچییەکان لەناو کارتۆنی بەرهەمی جوانکاریدا شاردبوویانەوە بۆئەوەی فێڵ لە تیمەکانی پشکنینی فڕۆکەخانە بکەن تاوەکو رێگەیان پێبدرێت کە دەرمانەکان لە فڕۆکەخانە ببەنە دەرەوە، بەڵام تیمی KMCA لە کارگۆی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پاکەتی بەرهەمەکانیان پشکنی، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە بەرهەمەکان دەرمانی هۆڕمۆنین، دەستیان بەسەرداگرتن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داواش لە هاوڵاتییان دەکات، تەنها دەرمانی بە ستیکەر بکڕن و خۆیان بە دووربگرن لە دەرمانی بێ ستیکەر و نایاسایی، چونکە دەرمانە نایاساییەکان بە رێگە و رێکاری زۆر مەترسیدار هاوردە دەکرێن کە تەندروستیان دەخەنە مەترسییەوە.