دەستەی کەشناسی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە کە رۆژانی جەژن پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە و سبەینێ شەممە لەچەند ناوچەیەک پێشبینی خۆڵبارین دەکرێت.
دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند" سبەینێ شەممە پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، بەڵام لەهەندێک ناوچە پێشبینی خۆڵبارینێکی سوک دەکرێت".
بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی عێراق، رۆژی یەکشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتردەبنەوە لەهەرێمی کوردستان، بەڵام لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەجێگیری دەمێننەوە".
ئاشکراشی کردووە کە رۆژی دووشەممە لەهەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق هاوشێوەی یەکشەممە دەبێت، بەڵام لە باشوری عێراق پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتردەبنەوە و رۆژی سێشەممە، پلەکانی گەرما نزیکدەبن لەهەمان تۆمارکراوەکانی رۆژی پێشتر.
بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی عێراق، بەرزترین پلەکانی گەرما لە شارەکانی عێراق لەنێوان ٤١ بۆ ٤٨ پلەی سلیزی دەبێت.