رۆژێکی تەواوە تورکیا بە سەختی هێرشدەکاتە سەر ناوچەکانی سلێمانی
لە کاتژمێر ٨ ەوە شەوی پێنج شەممەوە تا ئێستا فڕۆکەکانی تورکیا چەندانجار بۆردومانی ناوچەکانی هەرێم بە تایبەتی ناوچەکانی سلێمانیان کردووە، دوا بۆردومانیان ناوچەی پێنجوێن بوو کە ئەمشەو چەند شوێنێکی ئەو قەزایەیان کردە ئامانج.
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندان شوێنیان بۆردومان کردووە، چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەر زۆرە ئەو هێرشەی زەمینیەی تورکیا ماوەیەکی زۆرە خۆی بۆ ئامادە کردووە، بەمزوانە دەستپێبکات.
ئەمشەو فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە چەند ناوچەیەکی پێنجوێنیان بۆردومان کرد، بۆ یەکەمجاریش ئەمڕۆ کیوە رەشیان لە نزیک شاری رانییە بۆردومان کرد.
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆش ناوچەکانی؛ زێوکە و دۆڵی رەسوو سەربە شارۆچکەی سەنگەسەر و گوندی پاشکۆتەڵ سەر بە شارۆچکەی سەرکەپکان بۆردوومانکران.
دوێنێ شەویش نزیکی کاتژمێر ٨ ی باخێکی بەرپرسی ئیستخبارانی هێزەکانی یەکێتی، پۆلۆ شاڵاو عەلی عەسکەری لە دێ کۆن لە نزیک ئەشکەوتی هەزار مێرد کرایە ئامانج، فڕۆکەکە لە نزیک باخەکەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی تەقیەوە کە خۆی لە دەرەوەی وڵاتە.
بەپێی راگەیاندنەکانی یەکە ئیدارییەکانی ئەو ناوچانەی بۆردومان کراون، هیچ هاوڵاتیەکی هەرێم کوژراو وبریندار نییە، بەڵام زەرەری گەورە لە باخ و بێستانی هاولآتیان کەوتووە، هەروەها تا ئێستا پارتی کرێکارانی کوردستان هیچ زانیارییەکی لەسەر زیانەکانی خۆی بڵاونەکردۆتەوە.
PM:10:31:14/06/2024