"هەڵبژاردن هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتە سیاسیەکان و پرسی یەکپارچەیی وڵاتەوە نییە"

ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕایدەگەیەنێت" هەڵبژاردن هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتە سیاسیەکان و پرسی یەکپارچەیی وڵاتەوە نییە، ئەوە بابەتێکی خزمەتگوزارییە، پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتیەوە هەیە". 

ئاڵدار خەلیل ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا به‌ ئاژانسی هەواڵی فورات نیوزی راگه‌یاندووە" تورکیا بە تایبەتیش حكومه‌تی ئاکەپە و مەهەپە هەبوونی خۆی لە سڕینەوە و لە ناوبردنی کورد دەبینێت، هەبوونی خۆی لە پاکتاوکردنی پرۆژەی دیموکراتیک دەبینێت، بە گوێرەی ئەوان ئەگەر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتی جێگیربێت، ئەگەر گەلی کورد وەک گەلانی دیکە ببنە خاوەن ماف و ژیانێکی ئازاد، کۆتایی بە تورکەکان دێت، بۆچی لە ناو ترسێکی بەو جۆرەدایە؟ لەبەر ئەوەی کۆماری تورکیا کاتێک دامەزرا لە بنەمای لەناوبردنی کوردان دامەزرا". 

دەشڵێت" کورد و تورکیا پێکەوە ئەو کۆمارەیان دامەزراند، بەڵام دەوڵەتی تورک چی کرد؟ ئەو بەڵێنانەی لە بیرکرد کە بە کوردانی دابوو، لە دژی کوردان سیاسەتی کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گرتەبەر، بۆ ئەوەی کوردەکان داوای مافی خۆیان نەکەن هێرشیکردە سەر کوردان و ویستی لەناویان ببات، دەوڵەتی تورکیا سەد ساڵی تێپەڕاند، بەڵام سەد ساڵە بەو ترسەوە دەژی، دەترسێت کە کورد ببنە خاوەن ماف، مافەکانی گەلی کورد رەوان، هەزاران ساڵە ئەم گەلە لەسەر ئەم خاکە دەژی، مێژوو، کولتور و زمانەکەی ناسراوە، کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە هەموو کنە و پشکنین و لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی دەداتەوە دەبینێت کە لەم خاکەدا شارستانیەت لەلایەن ئەم گەلەوە دامەزراوە، دەوڵەتی تورکیا لەم راستیە دەترسێت". 

وتیشی" دەوڵەتی تورکیا ئێستا پلانی هەیە کە ئەو ناوچانەی عوسمانی لە دەستی داون، بەدەستیان بهێنێتەوە، ئەمڕۆ شەڕ لە ناوچەکەدا لە ئارادایە، پرسی ئاسایش لە هەرێمەکە لە ئارادایە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئەم شەر و ئەم قەیرانە دژوارتر بکات، بەم جۆرە دەیەوێت خاکی ژێر دەستی بەرفراوانتر بکات، ئەوان دەیانەوێت تورکیای گەورە دابمەزرێنن، ئەو پلانە چۆن ئەنجام دەدات؟ دەیەوێت بە بەردێک لە دوو چۆلەکە بدات، لەلایەکەوە دەیەوێت ئەو هەرێمەی کوردیان تێدایە بەدەستیان بهێنێت و کورد لەناو ببات، لەلایەکی دیکەوە دەیەوێت سنوورەکانی دەوڵەتەکەی بەرفراوان بکات، لێرەدا ئامانجی سەرەکی دەستبەسەرداگرتنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و باشووری کوردستانە". 

ئەندامه‌كه‌ی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی باكور و رۆهه‌ڵاتی سوریا، کە بۆ مانگی هەشتی ئه‌مساڵ دواخراوه‌، ده‌ڵێت" وەک دەزانرێت دوو ساڵ بوون کە ئامادەکاری پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لە رۆژەڤدا بوو، لە هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆمسیۆنێکی ١٥٨ کەسی دامەزرا، کۆتایی ساڵی رابردوو پەیماننامەکە پەسەندکرا و راگەیەندرا، بە گوێرەی ئەوەش ئەم پەیماننامەیە سیستمی خۆی رێکدەخات و سەرلەنوێ دایدەمەزرێنێتەوە، واتا هەموو شتێک ئیتر بەگوێرەی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت، بە گوێرەی پەیماننامە دەبێت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتیکەوە گۆڕانکاری بکرێت، یەک لەوانەش گۆڕانکارییە لە شارەوانیدا". 

ڕاشیگەیاند" بەگوێرەی پەیماننامەکە سیستمی شارەوانیەکان گۆڕدرا، بۆ ئەوەی شارەوانیەکان بتوانن خزمەتێکی باشتر بکەن دەبێت سیستمەکە سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، باشە ئەو سیستمە چۆن پێکدەهێندرێت؟ بە سیستمی پارتێک یاخود لایەنێک نابێت، بۆ ئەوەش دەبێت پێکهاتەکانی گەلانی هەرێمەکە كۆببنەوە و شارەدارییەکانی خۆیان بونیادبنێن، ئەم بابەتەش هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتە سیاسیەکان و پرسی یەکپارچەیی وڵاتەوە نییە، ئەوە بابەتێکی خزمەتگوزارییە، پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتیەوە هەیە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەندێک لەو هێزانەی لەگەڵیدان و هاوکاری دەکەن ئەوە قەبوڵ ناکەن دژی دەوەستنەوە".

به‌پێی وته‌ی ئاڵدار خه‌لیل، ئەگەر هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت" ئەو کاتە خزمەتێکی باشتر پێشکەش بە گەل دەکرێت، کێشەکان چارەسەر دەکرێن، رێکخستنی کۆمەڵگا بەهێزتر دەبێت، بەڕێوەبەریە خۆجێییەکان بەهێزتر دەبن، ئەمەیان ناوێت، تالەدەستیان بێت هەوڵ دەدەن لە دژی بوەستنەوە".

جەختیشیکردەوە، گرنگە هەمووان پێکەوە پشتگری لە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکەن، ئەوەی گرنگە پێویستە هەڵبژاردنەکان بە شێوەی دیموکراتیکانە بەڕێوەبچێت و گەل بەشداربێت لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، گرنگە هەمووان بەم شێوەیە بیربکەنەوە، ئەم هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی ئیرادەی هەمووان دەکات، هیچ پاساوێک نەهێڵینەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان.



AM:11:16:19/06/2024