ئەمساڵ چەند پەرلەمانتار و وەزیر و پلە باڵا حەجیان کردووە؟

بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ژمارەی ئەو پەرلەمانتار و وەزیر و پلە باڵایانە ئاشکرا دەکات کە ئەمساڵ ٢٠٢٤ عەجیان کردووە.
مەریوان نەقشبەندی نوسەر کە لە پێشوودا چەند پۆستێکی لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم هەبووە لە نووسینێکدا ئاشکرای دەکات کە ٨٨ ئەندام پەرلەمان و ٨ وەزیر لەسەر ئاستی عێراق ئەمساڵ چوونەتە حەج.

هەروەها وەک ئەو ئاماژەی بۆ دەکات ٢٧٠ بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ٣٠٠ راوێژکارو ٧ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆ و ١٠٠٠ ئەفسەری پلە بەرز ٢٠٠ راگەیەندکار چوونەتە وڵاتی سعودیە بۆ حەجکردن.

نەقشبەندی دەشڵێت"   جگە لەمانە ٣٥٠٠کەسی تر لە خەدەم و حەشەم و کەسوکاری بەرپرسان کە ناویان لە تیروپشک نەبووە، ئەوانیش براون بۆ حەج ". 
مەریوان نەقشبەندی دەشڵێت " ئەم ژمارە و داتایانە رەسمیە و لەدەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقەوە دەرچوە، لەکاتێکدا دەستەی ناوبراو سوپایەک لەبەرپرس و فەرمانبەری هەیە و ئەرکی ئەوانە سەرپەرشتی کاروباری حەج بکەن، نەک ئەم هەمو بەرپرس و خەڵکە لابەلایە، جگە لەوەش ئەم بەرپرسانە کە بەشی هەرەزۆریان بەئیفاد چونەتە حەج و لەسعودیەش بە VIPحەجیان کردوە".

لە کۆتاییدا نووسیوویەتی" هۆکاربون بۆ بێبەشکردنی هەزاران کەسی تر لەم فەرزەی ئیسلام و ناچاربوون بە ڤیزەی گەشتیاری و لە دەرەوەی ڕێکار و پشکی حاجیان حەج بکەن، کە بەشێکیان بەداخەوە دوچاری ماندوبون و دەستگیرکردن و غەرامە بونەوە لەلایەن بەرپرسانی سعودیەوە".




PM:01:40:19/06/2024