بۆ بەدواداچوونی رووداوی بەلەمەکە تیمێکی حکومەتی هەرێم دەچێتە ئیتاڵیا

بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕووداوی نقومبونی بەلەمەکە، حکومەتی هەرێم تێمێک ڕەوانەی ئیتاڵیا دەکات

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بڵاویکردەوە،  لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ( ماوە بۆ درێژکراوەی) حکومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بە بەشداری وەزارەتی ناوخۆو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێکهات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخ و ئاکامی نقومبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بکات .

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ چوارشەممە حکومەتی هەرێم تیمێکی ڕەوانەی ئیتاڵیا کرد بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەو وڵاتە پەیوەندی بەدامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا بکەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەکە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، وەک حکومەتی هەرێم، کەس و کاری قوربانیان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی قوربانیان، هاوکات ئامادەی هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەکین لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکان.

هاوکات فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکات زانیاری و ئاکامەکان دەربارەی ئەم ڕووداوە تەنها لە لایەنی فەرمی وەربگرن.

 



AM:09:07:20/06/2024