پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند پلانی ڕۆژانی جەژن بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا و زیاتر لە ١١٧ هەزار گەشتیاریش سەردانی پارێزگاکەیان کردووە، ئەوەشی خستەڕوو کە زیاتر لە هەزار سەر ئاژەڵ کراونەتە قوربانی.
ئەمڕۆ پینجشەممە، نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز بڵاوکردەوە و تییدا هاتووە" بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، لەلایەن لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەک خۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا".
ڕوونیشیکردەوە کە ئاماری گشتیی ژمارەی هاتنی گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژن لە سنووری پارێزگای هەولێر بەمشێوەیە بووە:
یەکەم/ گەشتوگوزار:
پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەوانە دانانی لیژنەی تایبەتی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆن بەسەر گرووپە و گەشتیاران و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەی لە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە (١١٧ هەزار و ٤٢١) گەشتیار.
دووەم/ ئاسایشی هەولێر:
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکراوە و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانیان لە ئەرک دابوونە.
سێیەم/ پۆلیس:
سەرجەم هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەکان لەڕۆژان جەژن، لەئامادەباشی تەواودابوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکراوە، لە ڕۆژانی جەژن (٥٤) تاوان تۆمارکراوە، (٥١) تاوان ئاشکراکراوە، (١) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.
چوارەم/ هاتووچۆ:
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەک خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەماوەی ڕۆژانی جەژن (٣) ڕووداوی هاتووچۆ ڕویداووە و تەنها زیانی مادی لێکەوتۆتەوە.
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (٢٩) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، کە (٢٢) حاڵەتیان سووتانی پووش و پاوان بووە و حاڵەتەکانی تریش (٣) ئۆتۆمبێل و (٣) خانوو و (١) دوکان بووە، سەرجەمیان لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
شەشەم/ تەندروستی:
لەڕۆژانی جەژن تەواوی تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لە ئەرک دابوونە، (٣٢٦٣) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، (١٥٤) منداڵ لە هەردوو ڕەگەز لە دایک بوونە و (٢٢٢) نەشتەرگەری گەورە و بچووک ئەنجامدراوە.
حەوتەم/ شارەوانی:
سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوونە و لەو ڕۆژانەشدا (١٠٩٠) تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.
هەشتەم/ کوشتارگە
لەماوەی چوار ڕۆژی جەژن، لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر (٢٦٩) ئاژەڵی گەورە و (٧٥٩) ئاژەڵی بچووک کراوەتە قوربانی، ئاژەڵە گەورەکان (٥٣ هەزار و ٨٠٠ کیلۆگرام) بوونە و ئاژەڵە بچووکەکانیش (١٧هەزار و ٤٥٧ کیلۆگرام) بوونە.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، دەستخۆشی لە تەوای قائیمقامیەت و ناحییە و یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و هێزە ئەمنیەکان و تەندروستی و تیمی شارەوانیەکان و ژینەگەپارێزان دەکەین، کە لە ماوەی ڕۆژانی جەژن وێڕای پشووی فەرمانگەکانیان لە ئەرکدابوونە و ڕێگربوونە لە ئەنجامدانی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان، جارێکی تر وەکو پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویست دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بە هەموو توانایەکمانەوە بە پشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان.