لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا زیاتر ١٢٥ هەزار گەشتیار سەردانی شاری سلێمانییان کردووە، هاوکات قەزای چەمچەماڵیش دوو حاڵەتی گیان لەدەستدانی لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا تۆمارکردووە.
ئارام شوانی وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕوویان لە سلێمانی کردووە، بەهۆی ئاسوودەیی و پێداویستییە گەشتیارییەکان کە دابینکراون، جگە لە ئیمکاناتی ئەمنی و کارگێڕی، و هیچ ڕووداوێکیش تۆمار نەکراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا زیاتر لە ١٢٥ هەزار گەشتیار و سەردانکەر هاتوونەتە شاری سلێمانی کە زۆربەیان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ژمارەی گەشتیاران بۆ نزیکەی ١٤٠ هەزار گەشتیار بەرزبێتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لیژنەکانی گەشتوگوزار بە هاوکاری لیژنەکانی دیکە بەردەوام بوون، لەگەڵ بارودۆخی گەشتیاران لە جەژندا و هیچ کێشە و ئاستەنگییەک دروستنەبووە.
هەروەها لای خۆشیەوە سەرۆکی شارەوانی قەزای چەمچەماڵ، هەر ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ببڵاویکردەوە" بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر ڕێگای سەرەکی (چەمچەماڵ – کاکەمەند) تەککە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ٢ هەزار و ٧٧ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانیان کردووە، ١٢ برینداریش تۆمارکراوە، هەروەها لە دایکبوونی ٢٠ منداڵیش تۆمارکراوە، ١٢ منداڵ لە ڕەگەزی مێ و ٨ لە ڕەگەزی نێر".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا پێنج حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە بەبێ زیانی مرۆیی تۆمارکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی شەڕ و پێکدادانێکەوە لە ناوچەی سەنجا و چوار کەس دەستگیرکراون، جگە لە ڕووداوێکی تەقەکردن لە ناوچەی کاکەمەند و دەستگیرکردنی کەسێک.
ئاماژە بەوەش دەکات، پۆلیسی دارستان بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان چوار کەسیان بە تۆمەتی ڕاوکردن دەستگیرکردووە، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ سێ کەسی دیکە دەرکردووە.