ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی بە تۆمەتی سووتانی ٦٠ هەزار دار و ٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان ڕاگەیاند.
پۆلیسی دارستان و پاراستنی ژینگەی سلێمانی، ئەمڕۆ لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندووە" بەهۆی سووتانی ٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان و زیانگەیاندن بە نزیکەی ٦٠ هەزار دار، هاوڵاتییەک لە ناحیەی عەربەت دەستگیرکراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگرەکە لە سنووری گوندەکانی وێلەکە و دەربەندفەقەرە کەوتبووەوە کە بەهۆیەوە ٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان سووتاون و بەپێی زانستی دارستان هەر دۆنمێک ١٢٠ داری سروشتی تێدا بووە و بەگشتی زیان بە نزیکەی ٦٠ هەزار دار گەیشتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە کاتی ڕووداوەکەدا هاوڵاتییەک بە تۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکراوە کە بە چوار کاتژمێر کۆنترۆڵکرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی دارستانی سلێمانیدا هاتووە" لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە ڕێکخراوە بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی".