ئاسایش دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات لە کەمپەکان نیشتەجێ بکات
ئاسایشی هەرێم لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لایەنەکانی کۆمەڵەی ئێران کۆدەبنەوەو پێیان دەڵێن" پێویستە لە کەمپەکاندا نیشتەجێبن".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە پێش سەردانەکەی عەلی باقری سەرپەرشتیاری کاروباری دەرەوەی ئێران کە ١٣ ی حوزەیران ئەنجامیدا بۆ بەغداو هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هەرێم( سلێمانی ) لەگەڵ باڵە جیاجیاکانی کۆمەڵەدا دانیشتوون و داوایان لێکردوون کە دەبێت لە یەکێک لە دوو کەمپدا نیشتەجێبن، یان کەمپی عەربەت، یان کەمپێکی تر کە لە سورداش دەکرێتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانە، لایەنەکانی کۆمەڵە لە کۆبوونەوەکەدا رەتیان کردۆتەوە بچنە ئەو کەمپانەو جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەوان لە زڕگوێز دەمێننەوە هاوشێوەی کەمپ.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاسایشی هەرێم بۆ ماوەیەک مۆڵەتی پێداون کە لایەنەکانی کۆمەڵە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەڵامی یەکلاییکەرەوەیان بدەنەوە.
لەلایەکی ترەوە ئاسایشی هەرێم لەگەڵ حزبی دیموکراتیدا رێککەوتوون کە لایەنگرانی ئەو حزبە لە بارەگاکانی خۆیان لە کۆیە بمێننەوە، بەلآم لەمەوداو لە شێوەیە کەمپدا دەبێت و لە ژێر سەرپەرشتی و کۆنترۆڵی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەبێت.
PM:08:53:20/06/2024