درەنگانی شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە نێوان پارێزگاكانی ئامەد و مێردینی باكووری كوردستان كەوتەوە کە بەهۆیەوە پێنج كەس گیانیان لەدەستدا و ٤٤ی دیكەش برینداربوون.
فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ئەمڕۆ هەینی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی نێوان ئامەد و مێردین، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٤ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون".
لای خۆشیەوە عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، رایگەیاندووە" لە شارۆچكەی چنار سەر بە ئامەد سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش لە سنووری شەمرەخی سەر بە مێردین گیانیان لەدەستداوە".
ئەوەشی خستەڕوو، لە كۆی ئەو ٤٤ كەسەی برینداربوون ١٠یان تەندروستیان ناجێگیرە و لە ژێر چاودێری وردی پزیشكیدان.
درەنگانی شەوی رابردوو بە هۆكارێكی نادیار ئاگر لە دەغڵودانی گوندەكانی نێوان شارۆچكەی چنار و شەمرەخی باكوری كوردستان كەوتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆش ئاگرەکە لە لایەن تیمەكانی ئاگركوژێنەوە كۆنترۆڵکرا.