دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ شەممە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان بەسەر ڕاپەری ناسراو تۆماج ساڵحی.
ئەمیر ڕەئیسیان کە یەکێکە لە پارێزەرانی توماج ساڵحی ڕاپەری ئێرانی، ڕایگەیاندووە" بەپێی بڕیاری تانەدان کە لەلایەن دادگای باڵاوە دەرچووە، سزای لە سێدارەدان دژی توماج ساڵحی هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە ڕەوانەی دادگایەکی هاوشێوە دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دادگای باڵا جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی، تەنانەت سەپاندنی سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ و سێ مانگ بەبێ رەچاوکردنی رێساکان و پێچەوانەی ماددەی ١٣١ بووە لە یاسای سزادان.
لە کۆتاییەکانی مانگی نیساندا، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەسفەهانەوە "بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی فەساد لەسەر زەوی" سزای لە سێدارەدان بەسەر توماج ساڵحیدا سەپێندرا.
توماج ساڵحی ساڵی ١٩٩٠ لە پارێزگای ئەسفەهان لە دایکبووە و گۆرانیبێژێکی راپەری ئێرانە و لەپاڵ هونەرەکەشیدا، وەکو کرێکار کاری کردووە.
هەروەها لە ڕێگەی گۆرانی و پۆستەکانی لە سۆشیال میدیا، پشتیوانی ئەو ناڕەزایەتیانەی کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە بەرامبەر پاشخانی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵان سەریهەڵدا.