"داهاتی هاتنی‌ گەشتیاران بۆ سلێمانی‌ نزیکەی ٣٢ ملیۆن دۆلار بووە"

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" داهاتی گەشتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە رۆژانی جەژنی قورباندا نزیکەی ٣٢ ملیۆن دۆلار بووە". 

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە ئامارێکدا بڵاویکردەوە" لە ڕۆژانی جەژنی قوربان و پشووەکاندا واتە لە ماوەی ١٤ تا ٢٠ی ئەم مانگە، ١٥٩ هەزار و ٥٨٣ گەشیار سەردانی سلێمانی و دەوروبەریان کردووە کە بەراورد بە جەژنی قوربانی ساڵی رابردوو ٦٠ هەزار گەشتیار زیادیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ٩٠%ی گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە گەشتەکانیان بۆ سلێمانی ئەنجامداوە، هەرەوەها نزیکەی ١٠%ی گەشتیارانیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتانی دەرەوەی هەرێم لە رێگەی بازگەکان و دەروازە سنووری و فڕۆکەخانە و روویانکردووەتە شارەکە. 

روونیشیکردەوە، لە رووی داهاتی گەشتیاریییەوە، ئەگەر هەر گەشتیارێک بڕی ٢٠٠ دۆلاری خەرجبکردبێت، ئەوا داهاتی گەشتیاران لە بۆنەی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا نزیکەی ٣٢ ملیۆن دۆلار بووە کە بەسەر خاوەنکاران و کاسبکاران دابەشبووە. 



PM:06:19:22/06/2024