كاتژمێر ٨ی بەیانیی ئەمڕۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی ١٢ی ئامادەیی لە هەرێمی كوردستان بە بەشداری ١٢٢ هەزار خوێندکار دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ تاقیکردنەوەی گشتی پۆلی ١٢ لە هەرێم دەستیپێکرد و ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی ئامادەكارییەكانی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان ڕایگەیاند" لەمساڵدا ١٢٢هەزار خوێندکار مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی هەیە، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کە دابەشبوون بەسەر دوو هەزار و ١١٥هۆڵی تاقیکردەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە پلانێکی ورد بەرێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش هاوکارمانن لە بەرەنگاربونەوەی هەوڵەکانی گزیکردن، دەیان باندی گزیکردن هەڵوەشێنراونەتەوە و ١٠٠ کەس دەستگیرکراون.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە کاتەکانی بەرەبەیان دەگاتە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە کاتی دیاریکراو، بۆیە تا ئاستێکی باش ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پرسیارەکان کراوە پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوە.
هاوکات دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕاگەیاند" سەرجەم خزمەتگوازرییەکانمان لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بۆ خوێندکاران دابینکردووە، بۆ ئەوەی دەروونی خوێندکار ئارام ببێتەوە، لە کاتژمێر ٦ بۆ ٨ ئینتەرنێت دەبڕدرێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گزی، هەروەها چەندین باند دەستگیرکراون کە هەوڵی چەواشەکردنی خوێندکار دەدەن".