لەچەند ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەدا زیاتر لە ٨٠٠ دۆنمی سنووری سلێمانی سووتان

لە چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا زیاتر لە ٨٠٠ دۆنم لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتان و دوو کەسیش بە تۆمەتی ئاگرکردنەوە دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند" چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون و زیانەکانیش بەم شێوەیە بوون: لە سنوری گوندەکانی کانی شابان و ئەحمەد کلوان، ئاگرێکی فراوان کەوتەوە و زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم پووش و پاوان و دارستان سووتان، بەهۆکاری ئاگرکردنەوەکەش هاووڵاتیەک لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت دەستگیرکرا .

- لەئەنجامی ئاگری سنوری باریکەی کۆن و عەربەت لە سنوری ناحیەی عەربەت کە نزیکەی ٥٠ دۆنم پووش و پاوان سووتاوە هاووڵاتیەک دەستگیرکرا .

- ئاگرێك لە سنووری گوندی میرزا ڕۆستەمی بچووک سەر بەناحیەی خدران کەوتەوە و نزیکەی ٥٠ دۆنم گەنم و پووش و پاوان سووتا.

- دوو ئاگر لە شاخی میریاسی و نەوتی شیوی قازی و قامیشان و فەقیرە و زەید عومەر کەوتەوە و نزیکەی ٢٠ دۆنم پووش و پاوان و داری سروشتی و باخی هاووڵاتیان سووتان .

- لە سنووری گوندی دەرگەزێن ئاگر نزیکەی ١٠ دۆنم پووش و پاوان و گەنم و دوو باخی هاووڵاتیانی سووتان و دواتر لەلایەن بەرگری شارستانی بازیانەوە کۆنترۆڵ کرا.

- هەر لە بازیان و لە سنوری گوندەکانی کڵاشکەران و بیبی جەك ئاگرێکی فراوان کەوتەوە نزیکەی ٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان و دەیان داری سووتاند.



AM:11:30:23/06/2024