مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند، " دۆخی جیهان و ناوچەکە لە کوڵاندایە و بۆیە هۆشداریتان پێدەدەین، کە دەست لە خۆدزینەوە و یاریکردن بە کات بەرامبەر مافەکانمان هەڵبگرن".
لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن" ساڵی ڕابردوو بەهۆی بێباکی و بەڵێنی ناڕاستی ئێوەوە؛ لە سنوورێکی بەرفراوانی ئەم هەرێمەدا، ١٦٠ ڕۆژ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنمان کرد؛ سنوورەکەی دیکەش هەرچەند بەهۆی چاوسوورکردنەوە و فشاری ئێوەوە، نەیانتوانی بایکۆت بکەن، بەڵام دەوام و خوێندن تیایدا وەک پێویست و ئاسایی نەبوو".
ئەوەشیان خستۆتەڕوو، " بۆیە هۆشداریتان پێدەدەین، کە دەست لە خۆدزینەوە و یاریکردن بە کات هەڵبگرن؛ لەبری کۆبوونەوەی بێسوود و دەرکردنی نووسراوگەلێک، کە جگە لە بارگرانی زیاتر هیچی دیکەی تیانییە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران؛ داواکارییە سەرەتاییەکانی 10ساڵی پێشوو و پارساڵمان جێبەجێبکەن؛ کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
-پلەبەرزکردنەوە.
- دامەزراندنی وانەبێژان.
- چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراو و لێبڕاوەکان، دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ گێڕانەوەیان.
- پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، لە بەنیشتمانیکردن (توگین)ی مووچەدا.
مامۆستایانی ناڕازی هۆشدار دەدەن و دەڵێن " بەپێچەوانەوە؛ بتانەوێ بە خەمساردی و هەڕەشە و گوشارە نائینسانییەکانتان، ملکەچ و دەستەمۆمان بکەن؛ ئەوا زۆر هەڵەن و دەیسەلمێنن نە لە مرۆڤبوون دەزانن و نە لە مێژووی کۆن و نوێی شۆڕشەکان تێگەشتوون".
لە كۆتایی راگەیاندراوەكە ئەوەش هاتووە، " بەبێ جێبەجێکردنی داواکانمان؛ ئەگەر دەیان نووسراو دەربکەن پابەند نابین پێوەی و ساڵی داهاتوو لەبری زەنگی خوێندن، زەنگی (یان مافەکان یان نەمان) لێدەدەین و ڕێگەی دیکەی فشاری مەدەنیی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە ڕیشەوە، دەکەین بە ئامانجی داهاتوومان. کارێک دەکەین لە مێژوودا؛ لەپاڵ شۆڕشی کرێکاران و پیشەسازی و شۆڕشی خوێندکاران لە فەرەنسا؛ شۆڕشی مامۆستایان لە کوردستاندا، ناوی بهێنرێت. (قَدْ أَعْژرَ مَنْ أَنْژرَ)".