بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت" سبەینێ کۆتا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم".
ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" سبەینێ دووشەممە دوایین وادە دەبێت بۆ ئەوەی هەر كاندید یان پارتێكی سیاسی كە پێشتر ئارەزووی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دەرنەبڕیووە، داواكاری پێشكەش بكات".
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا ١٦ کاندیدی نوێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی داواکارییان پێشکەشکردووە بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کە دوانیان سەر بە پارتی سیاسین و نیوەیان تایبەتن بە پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمان.
ئەوەشی خستەڕوو، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام كۆمسیۆن رۆژی ٥ی ئەیلولی پێشنیار كردووە، ئەگەریش ئەو وادەیە بگۆڕدرێت، ئەوا ئەوانیش دەبێت خشتەى کارەکانیان بگۆڕن.