سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نێوان ١٥٠ تا ٢٥٠ هەزار دینار دەبێت".
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی میدیای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" ئەو خوێندکار و دەرچوانەی دەبنە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شایستەی داراییەکەیان ٢٥٠ هەزارە و فەرمانبەرانی حکومەتیش ١٥٠ هەزار دینار وەردەگرن، شەش مانگیش سەرمووچەکانیان پێش دەخرێت".
سەبارەت بە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەش دەڵێت" لەگەڵ ئەوەی کۆمیسیۆن بە نووسراوی فەرمی پێشنیازیکردووە رۆژی ٥ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتی هەرێم مەرسوومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەکە دەرنەکردووە".