بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک کە دایکی دوو منداڵە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کۆتایی بە ژیانی هێنرا.
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکخراوی هەنگاو کە گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ دەدات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە" دوێنێ یەکشەممە نەرمین پیرهەمەن دایکی دوو منداڵە و خەڵکی گوندی (چەم سووی) سەر بە شاری سنەیە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە ناوی حیشمەت کەلایی لە بەردەمی نووسینگەی ئەو شارەدا چەقۆ کۆتایی بە ژیانی هێنراوە".
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" نەرمین لە دوای داوای هاوسەرەکەی بە مەبەستی ئامادەبوونی لە نووسینگە بۆ جیابوونەوە، لەو شوێنە ئامادە بووە و لە شوێنێک هەڵکەوتوو لە نێوان گۆڕەپانی مادەر و شەقامی سیرووسدا بە ٢٠ زەربەی چەقۆ کوژراوە".
هەروەها هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" نەرمین پیرهەمەن چەند مانگێک پێش ئێستا ماڵی هاوسەرەکەی بەجێهێشتووە و ڕۆژی ڕووداوەکە، بکوژ بە بیانووی ڕەزامەندی بۆ جیابوونەوە نەرمینی بانگی شوێنی ئەو ڕووداوە کردووە و هەر لەو شوێنە و لەبەر چاوی خەڵکیدا بە چەندین زەەبەی چەقۆ کوشتوویەتی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، میدیاکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەواڵی دەستگیرکردنی بکوژەکەیان ڕاگەیاندووە و وەکو زۆربەی حاڵەتەکانی دیکەی ژنکوژی، هۆکاری کوژرانی ناوبراویان بۆ "کێشەی خێزانی" گەڕاندۆتەوە.