خانەوادەی خواناس ناڕازین لە حوکمدانەکەی دادگا.. دادگا باسی لە هاندەرەکان نەکردووە


پارێزەری دۆسییەی خواناس وریا گلی، ڕایگەیاند" دادگای سلێمانی لەبارەی بکوژی خواناس وریا بڕیاری داو بە زیندانیی هەتاهەتایی سزا دراو ئێمە ناڕازین بەو حوکمە"، هەروەها دەشڵێن" هاندەرانی بکوژی کوڕەکەمان لە دادگا باس نەکراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٥ـی حوزەیران، دادگایکردنی بکوژی هونەرمەندی لاو خواناس وریا لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، دادگا حوکمی هەمیشەیی بەسەر تاوانباراندا سەپاند.

 کارزان فازڵ، پارێزەری دۆسییەی خواناس وریا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دادگای سلێمانی لەبارەی بکوژی خواناس وریا بڕیاری دا بە زیندانی هەتاهەتایی تۆمەتکار. هەروەها چەندان کەس لە دۆسییەکەدا بەشدارن کە بانگخوازیشیان تێدایە".

وریا گلیە، باوکی خواناس ڕایگەیاند، "دوای ساڵێک چاوەڕوانی، ئەمڕۆ دادگا دوای پێنج جار دانیشتن، بڕیاری خۆی دا، هەرچەندە بە تاوانی تیرۆر سزای هەتا هەتای بۆ تاوانبار دەرچووە، بەڵام ئێمە تانەمان لە بڕیارەکە دا، چونکە دەبوو سزای لەوە قورستر بدرێت، کەیسەکە ئەوەندە ئاسان نییە، بکوژەکە هاندەر و هاوکاری هەبووە، لە دانیشتنەکەشدا باس نەکرا".

هەروەها وتیشی، "چەندان جار هەوڵ دراوە بۆ ئەوەی کێشەکە بەڕێگەی کۆمەڵایەتی چارە بکرێت، بەڵام ئێمە ڕەتمان کردووەتەوە و ڕێگەی دادگامان گرتەبەر بۆ ئەوەی کەسانەی ناتێگەیشتوو هەوڵی چارەکردنی کێشە لەڕێگەی کۆمەڵایەتییەوە نەدەن و یاسا سەروەر بێت".

هونەرمەند خواناس وریا گلی ٢٧ ساڵ دانیشتووی چەمچەماڵ بوو ساڵی پار لەنێو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ لەلایەن پێشمەرگەیەکەوە کە هەڵگری بیری توندڕەوی بوو درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کوژرا، لەلای رای گشی رووداوەکە بەو شێوەیە تەماشا دەکرا، کە لە پشت ئەم گەنجەوە کەسانی ئاینی توندڕەو هەیە، بەڵام دادگا وەک لە قسەکانی باوکی خواناسدا دەرکەوتووە نەچووە بەلای ئەو کەسانەدا.




PM:01:07:25/06/2024