رێکخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریکی جەخت لەوەدەکاتەوە کە لە ١٠ رۆژی رابردوودا تورکیا ٣٠٠ تانکی سەربازی هێناوەتە ناوخاکی هەرێمی کوردستان و دەڵێت" ئامانجێکی دیکەی تورکیا لەم مانۆڕە سەربازییە، گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە ناحیەی شیلادزێ و دواتریش داگیرکردنی زنجیرە چیای گارا کە بەمە حکومەتی هەرێمی کوردستان ٧٠ بۆ ٧٥٪ـی سنووری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدەدات."
رێکخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریکی ناسراو بە (CPT) رایگەیاند" لە ١٠ رۆژی رابردوودا سوپای تورکیا بە ٣٠٠ تانکی سەربازییەوە مانۆڕێکی دیکەی سەربازیی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دەستپێکردووە، سوپاکە لە بەرواری باڵا جموجۆڵی زەوینی هەیە و چوونەتە نێو چەندین گوندی ناوچەکە."
بەپێی راپۆرتەکە "سەربازانی تورکیا لەنێو گوندەکانی کێستە، ئارادنا، چەلکێ، بابیرێ، ئورە، سەرەڕۆ لە ناحیەی کانی ماسێ بینراون کە بە پیادە لەنێو گوندەکاندا هاتووچۆ دەکەن."
CPT، جەختی لەوەکردووەتەوە کە ئەو جموجۆڵەی هێزەکانی تورکیا، ترسی خستووەتە نێو گوندنشینانی ئەو ناوچانە و ناتوانن ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بکەن.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوە ئەمریکییەکە "سوپای تورکیا لە بەرەبەیانیی ٢٥ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، خاڵێکی پشکنینی لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ جێگیرکردووە، هەر هاووڵاتییەکی مەدەنی لەو ناوچەیادا هاتووچۆ بکات، ناسنامەی عێراقی لێوەردەگیرێت و دوای پشکنینی ناسنامەکەی رێگەی پێدەدرێت بڕوات."
رێکخراوی( CPT ) پێیوایە "ئامانجێکی دیکەی تورکیا لەم مانۆڕە سەربازییە، گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە ناحیەی شیلادزێ و دواتریش داگیرکردنی زنجیرە چیای گارا کە بەمە حکومەتی هەرێمی کوردستان ٧٠ بۆ ٧٥٪ـی سنووری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدەدات."
لەی خۆشیەوە کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوەکە، لەر لێدوانێکی لەگەڵ کەناڵی( رووداو) رایگەیاند" لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سوپای تورکیا دەستی کرد بە دروستکردنی رێگەیەکی سەربازی لەنێوان ئەو بنکە و بارەگا سەربازییانەی لە ساڵی ٢٠٢١ لە بەرواری باڵای ناحیەی کانی ماسێ لە دهۆک دروستی کردبوون، رێگەکە بە قووڵایی ٩کیلۆمەتر لە خاکی کوردستان دروستکرا، لە ١٠ـی نیسانی ٢٠٢٤ هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، دوو بارەگای سەربازییان لە گوندەکانی سنوری قەزای باتیفا، لەسەر ملی سیارە و چەپەری ئینگلیز لە رۆژئاوای ناحیەی کانی ماسێ جێگیرکرد. لە وەڵامدا سوپای تورکیا لە خۆرهەڵاتی قەزای باتیفا و لە گوندەکانی بەرواری باڵا لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ، دەستیان بە جموجۆڵی سەربازی کرد بۆ نێو گوندەکان."
کامەران عوسمان وتیشی " لە سێ رۆژی رابردوودا، نزیکەی هەزار سەربازی تورکیا لەنێوان بارەگای سەربازیی گرێ باروخ (کە گەورەترین بارەگای سەربازیی تورکیایە و لە ساڵی ١٩٩٧ـەوە لەنێو خاکی هەرێمدا دروستکراوە) و چیای مەتین لە پشتی ناحیەی بامەڕنێ هاتووچۆ دەکەن."
کامەران عوسمان دەڵێت "ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا سەربگرێت، بە دەیان گوند و شارەدێ رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و بە سەدان گوندنشین و هاووڵاتی مەدەنی ئاوارەدەبن. بەشێکی گرنگی خاکی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دەستی سوپای تورکیاوە و ئەستەم دەبێت جارێکی دیکە ئەم ناوچانە بخرێنەوە ژێر رکێفی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق."
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئایاری ٢٠٢٤، سوپای تورکیا ٨٣٣ هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کردووە، لە ئەنجامدا هەشت هاونیشتمانی شەهید بوون.