لە ئاکامی رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگای سەرەکی زاخۆ- باتیفا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و ٩ کەسی دیکە بریندار بوون.
هاتوچۆی زاخۆ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە " شەوی رابردوو رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای سەرەکی زاخۆ- باتیفا روویداوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆی دیکە بریندار بوو".
ئەوەش هاتووە، ئەو سێ کەسەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان ١٢ ساڵ و ١٤ ساڵ و ٤٧ ساڵ بووە، و رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری "تۆیۆتا کرۆلا و کیا سیراتۆ"دا بووە.
رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی مردن لە هەرێمدا دادەنرێن، کە شۆفێران بەشێکی زۆری بۆ خراپی رێگاوبانەکان و نەبوونی سیستم لە رێگاوبانەکان و هاتوچۆی بارهەڵگرەکاندا دەگەڕێننەوە و هاتوچۆش جگە لە رێگاوبان، بەشێکی بۆ تیژڕەوی و پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەگەڕێنێتەوە.