فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی هێرشی نوێی تورکیاوە بۆ سەر چیای مەتین و هەوڵی بۆ داگیرکردنی چیای گارە هەڵویستی خۆی نیشانداو دەڵێت" پێویستە حكومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە".
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لەسەر ئۆپراسیۆنە نوێکەی تورکیا راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە " چەند رۆژێكە ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەداخەوە لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپراسیۆنەكە زەرەر و زیانێكی زۆر گەیشتووە بە باغ و رەزی هاونیشتمانییانی ناوچەكە، هەروەها بووەتە مایەی بێزاركردنی هاونیشتمانییانی ناوچەكە".
یەکێتی دەشڵێت "ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین، ئەم پێشێلكارییانەی سەرخاكی هەرێمی كوردستان و سەروەری عێراق شەرمەزار دەكەین، چونكە پاراستن و ئاسایشی وڵات و سەلامەتی هاووڵاتیان دەخاتە ژێر مەترسی، هەروەها پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە".
" بەرادەوامی ئەم پێشێلكارییانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە خۆی بەهێز بكات و وڵامی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە بداتەوە، بۆیە داواكارن حكومەتی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە كە ئامانج لێی تەنیا تێكدانی ئارامی وڵات و پێشێلكردنی سەروەری عێراقە".( یەکێتی بەو شێوەیە هەڵوێستی نیشانداوە).
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی یەکێتیدا باس لەوەکراوە، پێویستە حكومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە، بێدەنگی حكومەتی عێراق و بە هەمانشێوە حكومەتی هەرێمی کوردستان لەهەمبەر ئۆپراسیۆنێكی ئاوا گەورەی توركیا كە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و یاسا و رێسا نێودەڵەتیەكانە، رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی عێراق و بە هەمانشێوە هەرێمی كوردستان لەنێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوڵاتیانی خۆی بەتایبەتی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەمانكاتدا داواكارن قەرەبووی كەسوكاری شەهیدەكان و زەرەر و زیانی هاونیشتمانییان بكرێتەوە، هەروەها لە ماوەی رابردوودا وەكو فراكسیۆنی یەكێتی ئەم داوایەیان ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ كردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان.